ده‌سپێک | په‌یوه‌ندی | له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌ | ئه‌رشیف Tuesday - 07 Sep 2010 
 
  قایمقامی کۆیە ؛ بەڵێندەری خراپ و تانکەرەکانی نەوت تەنگژەی سەختی بێئاویان لە کۆیە دروست کردووە
...گه‌رانه‌وه‌ 2010-07-16 21:30
Share/Bookmark




کۆیە - تایبەت بە کوردستان ئۆنلاین؛ هاوڵاتیانی کۆیە بە دەست تەنگژەی ئاوو کارەباوە دەناڵێنن  و گلەیی لە وە دەکەن کە شارەکەیان بووە تە قوربانی دوو ئیدارەیی و ئێستا هیچ ئیدارەو حکومەتێک ئاوڕی لێ ناداتەوە.


هاوڵاتیەکی کۆیە ه.ە کوردستان ئۆنلاینی راگەیاند " گرفتەکانی کۆیە بەرئەنجامی کێشەی سیاسی و دوو ئیدارەییە و ئێستا هیچ حکومەتێک ئاوڕ لە کۆیە ناداتەوە و لە دوای راپەڕێنەوە تا ئێستا کپیە لە بارودۆخێکی ناخۆشدایە و لەم ماوەی دوایدا کە پێشستر ئییدارەی سلێمانی حوکمی دەکردو گێڕرایەوە سەر هەولێر ئێستا سەر بە هیچیان نیە و کەس خۆی بە خاوەنی نازانێ."



لە وەرزی گەرمادا گرفتی ئاوو کارەبا لە گرفتە سەرەکیەکانی هاوڵاتیانن و بە سەختی بە دەستیەوە دەناڵێنن ، بۆ باسکردن لەم تەنگژەیە  کوردستان ئۆنلاین لە گەڵ شێخ چاپۆک قایمقامی کۆیە دوا ، کە ماوەی حەوت مانگە دەستبەکار بووە .


قایمقامی کۆیە  لە بارەی گرفتی ئاوەوە وتی "ئاوی کۆیە پیشوتر لە دوو پرۆژەوە هاتووە تەقتەق -کۆیە ،هەروەها پرۆژەی ئاوی حەمامۆک ، ئەمە لە کاتیکدا کۆیە شەش گەڕەک بووە ، بەڵام ئێستا کۆیە 36 گەڕەکە ،، دیارە هەر دەبی ئەوە بە چارەسەر بگات ،لە کاتێکدا بەو شێوەیە شارەکە گەورە بووە ، بۆ ئەمە ش ، پرۆژەی بۆگد -کڵێسە چەند ساڵێک لە مەوبەر دەستی پێکراوە ، بەڵام بە داخەوە لە بەر خراپی بەڵێندەرەکان  تا ئێستا پرۆژەکە تەواو نەبووە ، دوا بەڵێندەر من دەتوانم بڵێم کە زۆر بە جوانی کارەکە رادەپەڕێنێ و هەمیشە لە نزیکەوە چاودێریی پرۆژەکە  دەکەم ، بەڵام ئەویش گیروگرفتی زۆری بۆ دروست بوو ، بە تایبەتی لە لایەن بەڵێندەرە کۆنەکەوە ، ماوەیەکی زۆر هەر کێشەکەی لێ خستە دادگاوە و داوای دەکرد ،کە کەلوپەلەکانی پێشووی لێ بکڕێتەوە ، بە نرخێکی زۆر گران ، ئەوە بوو لە کۆتاییدا هەندێکی هەر بە سەردا بڕاو بەڵام هەوڵماندا زۆر زیانی بەر نەکەوێ لە نرخەکەدا ،،ئینجا بەو شێوەیە کاری ئەو پرۆژەیە کراوە ، کە دەبوو دەمێک بێ تەواو بێ و گیروگرفتی بێ ئاوی شارەکە چارەسەر بکات ،،"
وتی" پێشبینی دەکەم تا مانگی تشرینی یەکەم ئەو پرۆژەیە تەواو نەبێ و گیروگرفتەکە هەروا بمێنێتەوە ، بە هیواین لەو کاتەدا بە کۆتایی بگات ."
هەروەها وتی" گیروگرفتی توندی ئەم چەند رۆژەی دواییش بە هۆی شکانی بۆریەکی تەقتەقەوە بووە ، لە ئەنجامی فشاری تەنکەرەکانی نەوتی شیواشۆک ، کە بووبووە هۆی شکانی بۆریەکە و رۆژانە دە سەعات کاری تێدا کرا و هەوڵماندا لە ماوەی سێ رۆژدا چاکی بکەینەوە ، شەش شۆفەڵ ئیشیان تێدا کرد کە توانرا بۆریەکە چاک بکرێتەوە ، لە رۆژانی رابردوودا تەنگژەکە توند بوو و بە هەموو شێوەیەک هەوڵماندا بە   چارەسەری بگەیەنین ، ئیتر لەمەودوا دوو رۆژ جارێک دەتوانرێ ئاو بدرێتەوە بە هاوڵاتیان ئەگەر چی کێشەکە بنبڕ ناکات بەڵام باشترە."ە


قایمقامی کۆیە گلەییەکی زۆریی لە هاوڵاتیانی شارەکە کرد ، کە بە سەدان سەرپێچی و کاری بێ یاسایی کراوە و بۆری زیادەیان بۆ خۆیان راکێشاوە و ئاوی زیادە دەبەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن و بێ یاسایی دەکەن ."


قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەش کرد ،هەر لە سەرەتای دەستەبەکار بوونی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح سەردانی کردوون ، ئەو کێشانەیان خستووەتە بەردەمی و ئەویش هەموو پشتوانیەکی بۆ دەربڕیوون و بە هیوان داواکاریەکانیان جێبەجێ بکات و وتی" لە بواری ئاودا پێویستمان بە کارمەندی زیاتریشە بە تایبەتی ئاو بردەرەوە ، ئەوەش هەر بەشێکە لەو کێشانە و بە هیواین   سەرۆکی حکومەت هاوکاریمان بکات ."
وتیشی " دەبووا بەر لە دوو هەفتە چاوم بە بەڕێزی بکەوێت بەڵام لە بەر سەردانی بۆ بەغدا نەمتوانی و بەمزووانە دیسان لە گەڵ سەرۆکی حکومەت لە سەر گرفتەکانی کۆیە دەدوێین و بە هیوای چارەسەرین ."


هەر لە بارەی تەنگژەی کارەباشەوە کە هاوڵاتیانی کۆیە پێیان وایە ، کارەبا لە جاران زۆر کەمتر بووەتەوە ، قایمقامی کۆیە بۆ کوردستان ئۆنلاین وتی " کارەبا کەمتر گرفتەکەی لە دەستی مندایە ، چونکە کارەبای نیشتمانی وەک هەموو شوێنەکانی تر بۆمان دێت و سوپاسیشیان دەکەین کە هاوکاریمان دەکەن ، بۆ نمونە لە کاتی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی زانکۆدا ، توانیمان تا تەواو دەبن هێڵێکی بەردەوامیان بۆ رابکێشین ، زۆر سوپاسیان دەکەین ،، ئەوەی تریش لە شوێنەکانی تریش گرفتی کارەبا هەیە ."
وتی " بە هەمان شێوەی ئاوەکە لە کارەباشدا هاوڵاتیان سەرپێچی یەکجار زۆر دەکەن ، بە  سەدانمان سزا داوە ، کە کارەبای زیاد رادەکێشن ، بڕوا بکەن ئەوەندە زۆرە ئەو سەرپێچیە لە ژمارە نایەت ، بۆ ناو بازاڕ لەو 12-2 ی دوای نیوەڕۆ  لە بەر ئەوەی کەمتر لە بازاڕ ئاوەدانی هەیە ، دەیبڕین ، بەڵام دواتر بۆ مان دەرکەوتووە بە چەندان دوکان چەند ئەمپێڕیان بۆ خۆیا راکێشاوە ، لەم رۆژانەدا هەر کەسێک کە هاوڕیی پێشمەرگایەتی خۆم بووە ، ئەوەی لێ ئاشکرا بوو ، زۆر بە لامەوە ناخۆش بوو ، بە چەندان ماڵ ئەشیعەو سیمیان لە بەر کارەباکەیان داناوە و سرکتی ریپێ نەدراویان داناوە و ئەو حاڵەتانە یەکجار زۆرن ."
وتی" جگە لەوە ش لەم ماوەیەدا چەندان جار هاوڵاتی گەڕەکەکان ،کێشەیان بۆ خاوەن موەلیدەکان دروست کردووە و لە کاتی  زیادەی خۆیان چوونەتە سەریان و کێشەیان بۆ دروست کردوون ، ئەگەر نا  بەرنامەمان بۆ موەلیدەکان داناوە  ، کە دەبێ رۆژانە شەش سەعات کارەبا بدەن و ئەگەر لە ماوەی ئەواندا ، کارەبای نیشتمانی هاتەوە ، دەبێ لە رۆژی دواییدا قەرەبووی بکەنەوە."

   
   
 
كۆمێنتی خۆت بنووسه‌
 
ناو: تکایه‌ ناوی ته‌واو بنووسه‌
ئیمێل: تکایه‌ ئیمێل بنووسه‌
کۆمێنت: تکایه‌ کۆمێنتی خۆت بنووسه‌
 

 

 
 
Copyright 2006 - 2010 Kurdistanonline News Agency  
All Rights Reserved , Created By KurdService