.
دکتۆر حسەین یەزادنپەنا سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان سەبارەت بە کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە؛ خۆهەڵوەشاندنەوەو کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە:
📝 دەقی بابەت:
— بەرکۆڵێک لە پەڕاوێزی بڕیارەکانی PKK
« تیۆریی و دوکتورینە نوێیەکانی ئاسایش، لە سەر ئەوە پێدادەگرن کە ئاسایش بەر لەوەی بابەتێکی کەتواری و مادیی بێ، بابەتێکی کۆمەڵایەتیی، زەینی و زبانی و گوتارییە. کورتترین پێناسە بۆ چەمکی ئاسایش بریتیە لە: دروستبوونی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و بێئۆقرەیی لە ئاستەکانی تاک، کۆمەڵگا یان دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بە هۆی ڕووداوێکی کەتواریی و مادیی یان دەربڕینێکی زمانی و گوتاریی ئەکتەرێک (Speech acts )
بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانانی PKK سووژەیەکە کە داگیرکەرانی کوردستان لە تەنیشت ڕەهەندەکانی دیکەی ئەو بڕیارە، بەتەمان بە شێوەی سیستەماتیک بیکەنە چەکێک بۆ لێدانی ئاسایشی کوردستان و کورد(بە مانا زەینییەکەی) و پیشاندانی وەک سێموبلی بێئاکامیی بەرەنگاریی کورد و ملنەدان بە نەزمی کۆڵۆنیالیستییان و شکاندنی ئیرادە و متمانەبەخۆبوونی مرۆڤی کورد. هاوکات ئەو ڕاڤە و شرۆڤانەی ئەو لایەنە گرینگەی پرسەکە ڕەچاو ناکەن و لە هەبوونی غافڵن، بەجۆرێک و بەڕادەیەک یارمەتیدەری کاریگەربوونی ئەو هەڕەشە ئاسایشییەن.
بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و چەکدانانی PKK نە سەرەتای چارەسەر کردنی پرسی کوردستانە و نە کۆتایی ڕەوایەتیی خەباتی ڕزگارییخوازیی نەتەوەیی کوردستان و لەوانەش شێوازی چەکداریی و بایەخی هەبوونی هێزی لەشکرییە بۆ کورد. دوا ئەزموونی سەرکەوتنی ڕێژەیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، لە ئاکامی دەورێک بوو کە هێزی لەشکریی کورد لە شەری داعشدا گێڕای.
ئەو بڕیارە کۆتایی پارادایمێکە کە پاش دەست هەڵگرتنیPKK لە ستراتیژی سەربەخۆیی و گوتاری نەتەوەیی، قەیران دایگرت و پشتێنەی پارێزگاریی نەیتوانی ناوەکە ڕەقەکەی بۆ بپارێزێ. بۆیە ئۆجالان گوتەنی کەوتبووە باری «خۆدووبارە کردنەوە»و بار گرانیی بە سەر بزاڤەکەوە .
بۆیە ڕاست لەم کاتەدا کە لە لایەکەوە حەول دەدرێ، «پلانی نەهێشتی تێرۆری دەوڵەتی تورکیا»بە پڕۆژەی «چارەسەری پرسی کورد» دەرخواردی کوردستانیان بدرێ و تراژیدیای «حەسەن خەیری»بە شێوەیەکی کۆمێدیک دووبارە ببێتەوە و، لە لایەکی دیکەوە، تەپڵی کۆتایی پێویستیی هەبوونی هێزی چەکداری کورد و نەمانی ڕەوایەتیی خەباتی چەکداری دەکوترێ ؛ لە مێشک و سینگی هەزاران کوردستانیی باوەڕبەخۆدا، نەخشەی کوردستانێکی سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەت و لەشکرێکی بەتوانا و تەیار بە چەکی پێشکەوتوو و تەکنۆلۆژیای لەشکریی، هەڵکەندراوە.