لە رێکەوتی 18ی 1ی 2025 بە ئامانجی کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر داخوازیی و دەستپێشخەریی کۆنفرانسی لۆزان و بە هاوکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان –کەنەکە، نوێنەری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵێک کەسی سەربەخۆ، لە ناوەندی کەنەکە لە شاری برۆکسل کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لێژنەی ئامادەکاریی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشانکرا و پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی گشتی پەسەند کرا. وەک پرەنسیپ بڕیاردرا کە هەر حزب و ڕێکخراوێکی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری لە کۆمیتەکەدا هەبێت. هەروەها چەند کەسێکی سەربەخۆش لە کۆمیتەکەدا جێگە بگرن. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرفەتێکی نزیکدا لە ئەوروپا بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەکانی کوردستان ئۆنلاین دوای دوو مانگ لە پێکهاتنی ئەو لێژنەیە هەر یەک لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە شێوەی تاکلایەنە لەو لێژنەیە کشانەوە.
سەرچاوەیێک بە کوردستان ئۆنلاین راگەیاند کە لە رێکەوتی سێشەممە 11ی 3ی 2025 حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی [ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان]ـی لە کشانەوەی تاک لایەنەی خۆی ئاگادار کردووتەوە. هەر لەو ئاگادار کردنەوەدا بڕیاری بەردەوامی یان کشانەوەی حزبی و لایەنەکانی دیکەی بۆ خۆیان بەجێ هێشتووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان ئۆنلاین، دوابەدوای کشانەوەی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هۆکاری کشانەوەی خۆی لەو لێژنەیە گراندووەتەوە بۆ لەبار چوونی دەرفەتی بەشداری زۆرینەی حزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پرۆژەیەکی هاوبەشدا.
بڕیار وایە کۆنفڕانسی [ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان] لە مانگی داهاتوو (ئاپریل) لە وڵاتی هۆلەندا بە هاوکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان -کەنەکە بەڕێوەبچێت.
لیستی حزب و لایەنەکانی بەشدار لە لێژنەی ئامادەکاری بەپێی پیتی ئەلفوبێ
1. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
2. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
3. کۆمەڵە –ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
4. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
5. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
6. پارتی ئازادی کوردستان
7. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
8. سازمانی خەباتی کوردستان
9. کژار