
کاوە کەریمی
لەم نووسینەدا ناسیۆنالیزمی مەدەنیی کوردستان (The civic nationalism of Kurdistan) لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی کوردی (Kurdish nationalism) بەکار دەهێنم.
ناسیۆنالیزمی کوردی، وەک زۆرێک لە ناسیۆنالیزمە رۆژهەڵاتییەکانی تر، زیاتر لەوەی بەرهەمی دەق و رێسا سیاسییەکان بێت، برێتییە لە گێڕانەوەی بەسەرهات و مێژووی زارەکیی ئێمە. بەسەرهاتگەلێک کە مێژووی دووری لە ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر و حەماسەی گلگامێشەەوە دەستپێدەکات تا ئیمپراتووری ماد و، مێژووی نزیکی لە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە دەستپێدەکات تا دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی خۆسەر. ئەم زارەکیی بوونەی ناسیۆنالیزم، لەگەڵ چووار پارچە بوونی کوردستان پاش ڕێکەوتنی لۆزان گەورەترین لەمپەری دروستکردووە لەسەر بنیادنانی ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی و مۆدێرن.
سەرەڕای ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە چاو ناسیۆنالیزمی وڵاتانی داگیرکەری زۆر پێشکەوتنخوازانەترە و تاکە فۆرمێکە لە ناسیۆنالیزم لەو ناوچەیە کە نەتەنیا هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتووری ماد و خەلافەتی سەدەکانی ناوەڕاست نادات (چ ئیمراتووری ماد بێت یا سەڵتەنەتی ئەیووبییەکان) بەڵکوو نزیکە لە بەها رۆژاواییە مۆدێرنەکان وەک سێکۆلاریزم، فێمینیزم و هومانیزمەوە. بەڵام ئەم نزیکبوونە زیاتر لەوەی بە مانا سیاسییەکەی کردەیی بێت، سەمبولیک بووە، واتە ناسیۆنالیزمی کوردی لە نێوان شۆڤێنیزم و فاشیزمی داگیرکەران و پۆست-کۆلۆنیالیزمی کورتبینی نوێی رۆژاوادا لە دۆخێکی پەرچەکردارئاسای نائارامی نە دواکەوتوو-نە پێشکەوتوودایە و تا ئێستا کێشەی هەیە لە تەبا بوون لە سەر دانانی ئاڵایەکی نەتەوەیی بۆ هەر چووار بەشەکەی کوردستان، بەڕێوەبردنی نەورۆز، وەک گەورەترین بۆنەی سیاسی-کۆمەڵایەتی، لە دەرەوەی ئەجێندای حزبی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ناحزبی.
گەرچی ئەم نائارامی و پەرچەکردارئاسابوونەی ناسیۆنالیزم نۆرمێکی باو بووە لە ڕەوتی گەشەی جووڵانەوە نەتەوەییەکاندا لە هەموو جیهان، بەڵام لە سەدەی نۆزدەوە و پاش شەڕە ناپلیۆنییەکان (شکانی ناپلیۆن) چیتر نەتەوەکان بۆیان دەرکەوت کە دروستکردنی دەوڵەتی سەقامگیر دەبێ لە سەر بنەمای هەست و ویستی هاوبەشی هاوڵاتییانی بێت نەک تەنیا زمان، خوێن و نەژادیان. بەم پێیە نەتەوە بەرهەمی راپرسییەکی بەردەوامە. ئێرنێست رێنان بیرمەندی سەدەی هەژدەی فەرانسەیی، کە بە باوکی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن دەناسرێت، لە کتێبی “نەتەوە چییە؟”دا دەڵت: «نەتەوە یەک گیانە، بنەمایەکی ڕۆحییە. دوو شت، کە لە ڕاستیدا هەر یەک شتن، ئەم ڕۆحە پێکدەهێنن: یەکێکیان هاوبەشبوونی مێژوویەکی پڕ لە بیرەوەرییەکانە؛ ئەوی تر ڕەزامەندیی ئێستایە، ویستی هەنووکەیی پێکەوەژیان لەگەڵ یەک.»
نەتەوەی کوردستان هەم خاوەن مێژوویەکی پڕ لە بیرەوەیی هاوبەشە، هەمیش لە سەر بنەمای جووڵانەوە نەتەوەییەکان و شۆڕشەکانی، ویستی پێکەوەژیان (یەکگرتنەوەی کوردستان)ی هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەم رووداوانە نابنە پاڵنەری گەورەی سیاسی و بیرۆکەی نەتەوەیی ئێمە زۆر زوو لە بیریان دەکات. لە نموونەی وەرچەرخانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی فەرانسەدا، هۆکارە سەرەکییەکە دۆڕاندنی ناوچەی ئالزاس-لۆرێن لە باکووری رۆژهەڵاتی فەرانسە بوو بە ئاڵمانییەکان. بەڵام لە کوردستان لەدەستدانی ناوچە دابڕێنراوەکانی باشوور و زۆرترین خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆسەر نابنە هۆی هیچ وەرچەرخانی گەورەی نەتەوەیی ئێمە! پاساوی ئاڵمانییەکان بۆ دەستگرتن بەسەر ئەم ناوچەیەدا ئەوە بووە کە ئەوێ ناوچەیەکی ئاڵمانی زمان بوون و بۆیە دەبوو لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێت. ئەم ئارگۆمێنتە لە داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەریشدا لەلایەن شامەوە بەکارهێنرا، بەتایبەت کە دەسەڵاتی خۆسەر، بەپێچەوانەی رووسەکان لە ئۆکراین و حکومەتی هەرێم لە ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ بە یاساییکردنی دەسەڵاتەکەی هیچ رێفراندۆمێکی لەو ناوچانە نەکردبوو،
ئێمە مادام نەتەوەیەکین و دەمانەوێت لە دنیای مۆدێرندا درێژە بە ژیانی سیاسیمان بدەین، چارێکمان نییە جگە لە بنیادنانی ناسیۆنالیزمێکی مەدەنیی کوردستانی، ناسیۆنالیزمێک کە لە سەرووی هەموو شەڕە ناوخۆییەکان و شکستی ئەزموونی برایەتیی گەلان، دەستهەڵبگرێت لە بێ ئەندازە گەورەکردنەوەی سەرکردە و هێما حزبییەکان، کوردستانێک وێنا بکات کە تێیدا نەک مەترسیی شەڕی نەژادی لەئارادا نەبێت، بەڵکوو بەرژەوەندیی هاونیشتمانییانی لوڕ و تورک، هەر وەک هاونیشتمانیانی کورد، پارێزراو بێت.
