
شوعەیب زەکەریایی
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمەڵە
ئەو خاڵه هەرە گرنگانه وا بۆ گەیشتن به گوتارێکی هاوبەش بۆ یەکگرتوویی و بەهێزبوونی چەپێکی ئەمڕۆیی و شوێندانەر له کوردستان پێویستن:
(ئەم خاڵانه کورتەیەکه له بابەتێکی 25 لاپەڕەیی ناتەواوی پەنج ساڵ لەمەوبەر و قسەوباسێکی ئەم دواییانەی نزیک به دوو سەعات لە ژوورێکی پەنجاـ شەست نەفەری دۆستان و هاوڕێیان و هەروەها درێژەی وتارێکی کورتی بیست خولەکیە وا دوو، سێ ساڵ لەمەوبەر له سێمینارێکی کۆمەڵەی حکا بۆ "چۆنیەتی بەهێزکردنی چەپ" به پەلە پڕووزه پێشکەشم کرد)
1 - یەکێک له هۆیە سەرەکیەکانی پەرەمپەرەم بوونی کۆمەڵە(و چەپ بە گشتی)، هەڵگرتنی دروشمی هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دامەرزاندنی کۆمەڵگای سوسیالیستی به بێ وردبینی و تێفێکرینی بەرپرسانه له راستیەکانی دنیای ئەمڕۆیه. دروشمێک که تا ئێستا له هیچکوێی دنیا جێ بەجێ نەبووە و به تێڕوانین له ئەزموونەکانی رابردوو له هیچ وڵاتێکی گیرۆدەی دواکەوتوویی و دیکتاتۆریش جێبەجێ نابێ. هەر بۆیه ئەم دورشمه وەک نمادێکی خەیاڵی و دینی لێ دەرهاتووە که له ناو باوەڕمەندانیدا بەردەوام هەرتاوێ "ئیسم"ێکی نوێی لێ هەڵدەقوڵێ و فێرقەیەکی تازەی لێ جیا دەبێتەوە و تەکفیر کردنی "ئەوانیتر"ی به شوێندا دێ! واته ئەم "چەپ"ە دورشمپەرسته نەتەنیا هیچ ئاڵو گۆڕێک له سیستەمی سەرمایەداریدا پێک ناهێنێ بەڵکوو بەپێچەوانه، خۆی وێران ئەکا و بەم جۆره، ناڕاستەوخۆیش خزمەت بە مانەوەی رژیمی دیکتاتۆری ئەکا.
کە وابوو ئەبێ ئەمە قەبووڵ کەین که سوسیالیزم پرسێکی جیهانیە و پێکهێنانی جەزیرەیەکی سوسیالیستی ـ ئەویش له وڵاتگەلێ وەک ئێران یان کوردستان ـ نامومکینه و تا داهاتوویەکی نادیار هەر لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری رووبەڕووین و دەبێ له جیاتی وەعدەی بەهەشتی خەیاڵی، ئەوەی وا له زەوینی واقێعیی(سەرمایەداری)دا پێمان دەکرێ له بەرنامەی خەباتی خۆماندا بگونجێنین. واته خەبات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی دێمۆکراتیک و مەردمی که ئێرادەی ئازادانەی گشت شارۆمەندانی وڵاتی له پشت بێ؛ بەو چەشنه که له زۆربەی بەرنامەی لانیکەمی چەپەکاندا(وەکوو پلاتفۆرمی دە مادەیی رەوتی سوسیالیستی کۆمەڵه)هاتووە و له زۆربەی وڵاتانی رۆژاوای ئورووپاش دیوومانه. دیاره لێرەدا نەتەنیا قەرار نیه ئامانجی سوسیالیستی بنرێته لاوه، بەڵکوو سوسیالیستەکان دەبێ وەکوو ئاڵاهەڵگری بایەخه ئینسانیەکان، پێشەنگی سەقامگیرکردنی هەرچی زۆرتری ئازادی و دادپەروەری له وەها کۆمەڵگایەکدا بن. بنەڕەتیترین تایبەتمەندی چەپ ئەوەیه وا زەمانێک له کۆمەڵەدا بوو به بێ ئەوە سوێندخواردنی بێ ناوەرۆک و رواڵەتپەرستانه به سوسیالیزم و کۆمۆنیزم بکاتە باو؛ شێلگیرانه و بێوچان له رێگای ئازادی و دادپەروەریدا تێکۆشا به بێ ئەوەی به شوێن قازانجی تایبەتی حێزبی خۆی له بان سەری خەڵکەوە بێ.
بێجگه لەوانه که باسمان کرد تێگەیشتنەکی هەڵه له نێو زۆربەی له چەپەکاندا بەردەوام له ئارادایه؛ ئەویش بانگەوازی بێوچان بۆ دامەرزاندنی "حکوومەتی شوورایی"یه که دیاره مەبەستیان شوورای "سوسیالیستی"ه له بەرانبەر پارلمانی "بوورژوائی"دا. ئەم شووراگەله ـ هەر پاشگرێکی بۆ دابنین ـ دەتوانن له کاتی شؤڕش و رووخاندنی رژیمی سەرکوتگەردا پێک بێن که له دوو، سێ خاڵدا هاوڕا و هاوکردەوەن و ئەبێ ئێمه بەرەوپیرییانەوە بچین و هاندەری پێکهێنانیان بین؛ بەڵام هەر ئەوەنده که داڕشتنی بەرنامەگەل ئابووری و سیاسی و یاسادانان بۆ داهاتوو بێته پێشەوە، بۆچووونگەلی راست و چەپ و میانه و لەم شتانه دێتە ئاراوه که قاڵبە پێشووەکه لەگەڵی ناگونجێ و کۆمەڵگا دەبێ بەرەو پیکهێنانی حکوومەتێکی فرە حێزبی و پارلمانی بچێ بە جۆرێک که ناوەندەکانی یاسادانان و دادوەری و کارگێڕی لەیەکتر سەربەخۆ بن و هەرکاتێک هەر کاربەدەستێک له یاسا لای دا، خەڵک بتوانن لەسەر کار لایان بەن. با به کورتی بڵێین: شوورا پاڕلمانی دەورانی شؤڕشه و پاڕلمان شوورای دەورانی دوای شۆڕش و سەقامگیر بوونی وڵاته.
2 - پرسی نەتەوەیی: هەروا که میژووش سەلماندوویه، کۆمەڵه له خەبات دژ به داگیرکەران و داکۆکی له مافی نەتەوەیی کورد ئەگەر له هەموان زیاتری نەکردبێ، کەمتری نەکردوە. بەڵام بەداخەوە ئەم مافه له باری گوتاریەوە به نێسبەت گوتاری "خەباتی چینایەتی" کەوتبووە پەراوێزەوە. که چی له جیاتی چاکسازی ئەم کەمو کووڕیه، به هاتنه ئارای "کۆمۆنیزمی کارگەری"، بەشێک له کۆمەڵه لەگەڵ زۆرینەی "ئیتحادی موبارزانی کۆمونیستە"کانی جاران نەتەنیا به تەواوی ئەو خەباته بەرحەقیانه وەلا نا، بەڵکوو به مۆرکی "ناسیۆنالیزم" لەمولەودان کەوتنە دژایەتی خەباتی نەتەوەیی کوردەوە! ئەمانه چاویان لەم راستییه بەستبوو که زۆرینەی قورسایی و رەنجی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد بەردەوام لەسەر شانی ئەو بەشه له کۆمەڵگا بووه که بندەستی و مەینەتی زۆرتری لەو ستەمکاریه به نسیب بووه؛ واته ئەو کرێکار و زەحمەتکێشانه وا گیانبازانه و خۆبەخشانه بوونەتە کۆڵەکەی رزگاری له بندەستی نەتەوەیی و له ماوەی نزیک به سەد ساڵه له بەرانبەر ئەو هەمووە سەرکوت و ئەشکەنجه و زیندان و ئێعدامه وا بۆ داسەپاندنی میللەتی تەقەللوبیی ئێران بەکار هێنراوە سەریان دانەنواندووە. هەر بۆیه بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد هەتا هاتووە له چەکەرەکردنەکانی سەرەتاییەوە بگره تا کاتێک وا لقوپۆی دەرکردووە و تا ئێستا که بووەتە دارێکی گەورە و وەها له قووڵایی بیر و هەستی ملیۆنان جەماوەری کوردستاندا ریشەی داکوتاوە که به هیچ دوژمن و داگیرکەرێک له بن دەرنایەت.
که وا بوو، به دەرسوەرگرتن لەو هەڵەانه و به لەبەرچاوگرتن ئەو راستیانه وا ئاماژەمان پێ کرد، چەپ و کۆمەڵه و هەر رەوتێکی ئازادیخوازی راستەقینه دەبێ چالاکانه پارێزەری بێ ئەملاو ئەولای مافی دیاریکردنی چارەنووسی میللەتی کورد بێت. جا لێره ئەم پرسیارە دێته پێش که ئایا دەمانەوێ ئەم مافه به شکڵی دەولەتی سەربەخۆ دەستەبەر بکەین یان به شکڵی ئەیالەتێکی فێدراڵ له چوارچێوەی ئێراندا که تا ئێستا له گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی رۆژهەڵاتدا باو بووه؟ به کورتی بڵێین؛ هەردووکی! واته ئێمه دەبێ له مەیدانی سیاسەتدا به شێوەیەکی ژیرانه هەرتک ئالترناتیڤەکە لەبەر چاو بگرین:
ئەلف ـ له ئەگەری بەردەوام بوونی رژیمگەلی سەرکوتگەری مەرکەزیدا، ئێمه بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نەتەوەیی لەسەر دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کورد هەنگاو ئەنێین و خەباتمان درێژه پێ ئەدەین. ئەرکی هەر تاکێک و هەر حێزبێکی سیاسی کوردستانه که له هەر کۆڕ و کۆمەڵێکدا و له هەر وتووێژێکدا راشکاوانه باس لەوە بکا که ئەمە له مافە سەرەتاییەکانی هەر نەتەوەیەک و لەوانه میللەتی کورده که دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی پێک بێنی. سوێند خواردن بەوەی که ئێمە "تەجزیە تەڵەب" نین سووکایەتی به خۆ و به نەتەوەی کورد و بە سەروەر زانینی شۆڤێنیست و فاشیستەکانه. تەنیا دوای پێداگری لەم ئەسڵه(مافی سەربەخۆیی)، شیاو و بەجێیه باسی فێدرالیسمیش بێنینه ئاراوە:
ب ـ به لەبەرچاو گرتنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و مێژووییەکانی نێوان خەڵکی کوردستان و باقی شوێنەکانی ئێران و هاوچارەنووسی و هاوخەباتی دژ به رژیمە دڕنده و دیکتاتۆریەکان و له هەل و مەرجێکدا ئەم وڵاته بووبێته خاوەنی حکوومەتێکی دێمۆکراتیک که مافی نەتەوەیی کوردی به رەسمی ناسیبێ، مانەوە له چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکراتیک و فێدراڵدا به رێگا چارەیەکی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی میلللەتی کورد و باقی خەڵکانی ئێراندا دەزانین.
تێکئاڵانی ئەو دوو شکڵه له چارەسەری نەتەوەیی، هەم له پرەنسیپەکان لا نادا، هەم پێش له چەنبەرەکی نێو خەڵکی کوردستان ئەگرێت، هەم رۆژ لەگەڵ رۆژ پشتیوانی زۆرتر له لایەن خەڵکانی ئێرانەوە بۆ لای خۆ رائەکێشێت، هەم رێگه له هەندێ ئێسڵاحات(ریفۆرم) که له هاوسەنگی هێزدا دەستەبەر دەکرێ ناگرێ و هەم بەستێن بۆ سەرنج راکێشانی ئەرێنی دیپلۆماسی و سیاسەتی ژێئۆپۆلیتیکی نێونەتەوەییمان بۆ فەراهەم ئەکا.
ــ نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ که میللەتی کورد هەتا له ناوخۆدا شارستانیانەتر، ئینسانیتر، پێشکەوتوانەتر، به دوور له پاوانخوازی و زۆرەملی هەڵس و کەوت بکا و لەگەڵ نەتەوەکانی هاوسێدا ـ لە عەینی قاتێعیەت له بەرانبەر دوژمناندا ـ ئاشتیانه هەڵسوکەوت بکات و به دوور له نەفرەت نواندن کێشەکان جێبەجێ بکا، پشتیوانی و لایەنگریەکی بێئەندازه و بێوێنه له ئێران و له ناوچه و له جێهاندا دەستەبەر ئەکات و ئەبێته سەرمەشق و هاندەری هەموان بەرەو ئازادی و سەربەستی و به هانای یەکترەوە چوون.
ــ با لێرەدا ئەم خاڵه هەرە گرنگیشه که زۆر جار چەپەکان تێیدا به هەڵەدا دەچن بخەینه بەر چاو: ئێمه له هەمان کاتدا که نابێ چرکەساتێکیش دەسبەرداری پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی پڕاوپڕ له ئازادی و دادپەروەری بین، بەڵام چارەسەریی کێشەی نەتەوەیی کورد نابێ به ناوەرۆک و چۆنیەتی حکوومەتی نەتەوەییەوه مەرجدار بکەین؛ وەئیلا ئەبینه هاوخەتی حاکمانی شۆڤێنیست و پێکهێنانی حکوومەتی کوردی ئەبێت به ئەمری مەحاڵ.
ــ بابەتێکیتریش که پێویسته باسی لێ بکەین ئەوەیه که حێزب و رێکخراوەکانی هەرکام له پارچەکانی کوردستان بۆیان نیه دەستێوەردانی کاری رێکخراوەیی له پارچەکانیتردا بکەن یان ببن به دارەدەستی ئەم دەوڵەته بەرانبەر به خەباتکارانی دژ بەو دوڵەته. ئێمه وەک کۆمەڵه هەمیشه به ئەرکی ئینسانی و نەتەوەیی خۆمان زانیووە که له ئەوپەڕی توانماندا پشتیوان و یاریدەری خەڵکی کوردستانی گشت پارچەکان بین به بێ دەستێوەردان له کاروباری هیچ ناوچەیەک.
ــ له ئاخردا پێویسته باسێکیش لەسەر ئاڵای کوردستان بکەین. هەموان دەزانن تەواوی دەوڵەت ـ نەتەوەکانی دنیا خاوەن ئاڵای خۆیانن. بۆ کوردیش، بوونی ئاڵایەک پیویسته که ببێته هێمایەک له یەکگرتوویی نەتەوەیی و خۆناساندن و خۆ سەلماندن له گشت کۆڕو کۆمەڵەکاندا. زۆر ئاسانه بزانین ئەو ئاڵا سوور و سپی و سەوزه که لە نێوەڕاستیدا خۆرێکیش هەیه و جێپەسەندی ملیۆنان خەڵکی کورده، ئاڵایەکی زۆر باش و گونجاوە(هەر کام له پارچەکانی کوردستان بە بۆنەی جیاوازی سیاسیەوە دەتوانن نیشانەیەکی تایبەت بە خۆیان ـ که رەزامەندی زۆرینەی خەڵکی ئەو بەشەی لەگەل بێ ـ لێ زیاد کەن). بۆ ئەوە بزانین ئەو ئاڵایه چەنده جوانه هەر ئەوەنده بەسە لەگەڵ ئاڵای رژیمی فاشیستی ئیسلامی ئێران یان ئاڵای دەورەی سەڵتەنەتی پەهلەوی بەراوەردی بکەین: ئەوەڵیەکە له نێوەڕاستیدا شکڵی دەعبایەکی سامناک و بێڕەحم و تۆقێنەریان کێشاوه؛ دووهەمینیش شێرێکی دڕندەی تێدایه که بۆ ئەوە لە کوشتوبڕدا کەم نەهێنێ، شمشێرێکیشیان له نێو دەستی ناوه!
3 - پرسی حکا(حزب کمونیست ایران)به تایبەتی و حێزبی سەرانسەری له ئێران به گشتی
دوای دوولەت بوونی حکا، عومری ئەو حێزبه تەواو بوو. ئەو بەشه که لێی جیا بووەوە(حزب کمونیست کارگری، ح.ک.ک.) له باری سیاسی ـ کۆمەڵایەتیەوە به مردوویی به دنیا هات و هەر بۆیه بەردەوام بەرەو لەتلەت بوون و هەڵوەرین رۆی. ئەگەر "حکا" لە سەرەتای دامەزراندنیدا ئەزموونێکی تازه و هیوابەخش بوو، دوای ناسەرکەوتوویی له گەشەی رێکخراوەیی له دەرەوەی کوردستان و لە دوای دابەشبوونێکی هەلپەرستانەدا، ئیتر له شتێکی وەهمی و تابلۆیەک که کۆمەڵه هەڵی گرتبوو زیاتر نەبوو. جا لەم نێوەدا شتێکی سەیر و بەتەواوی دوور له عەقڵیەتێکی ئاسایی رووی دا: ئەو کۆمەڵه وا به شوێن ح.ک.ک.دا نەڕۆیشت هەر وەک جاران خۆی کرد به سازمانی کوردستانی ئەو تابلۆیه و ئەو حێزبه وەهمیه! له عالەمی "واقێع"دا خۆی کرد به سازمانی کوردستانی خۆی!؟ جا جێگەی داخه که لەم دواییانەدا ئەو دیارده وەهمیه بووەته دوو دانه و خەریکی کێبڕکێ لەگەڵ یەکترینن!! گشت ئەم رووداوانه لەگەڵ فرەیەک له کردارگەلی ناشایست و ناڕەفێقانه جگه له نێوزڕاندنی دووبارە و چەندبارەی سوسیالیزم و کۆمۆنیزم ئاکامێکیتری نەبووه.
ئەم ئەزموونه ناسەرکەوتووە نیشانی دا که به بۆنەی بوونی پرسی نەتەوەیی و جیاوازیگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەرژەوەندی بەرچاو له کوردستان به نیسبەت باقی ئێران، پێکهێنانی حێزبی سیاسی سەراسەری(چەپ یان غەیری چەپ)کارێکی گونجاو نیه و باشترین هەڵبژارده بۆ ئەحزابێکی کوردستانی وا خەبات بۆ دیاریکردنی مافی نەتەوەیی کورد یەکێک له پێناسە سەرەکیەکانیانه ئەوەیه که به شێوەی کاتی و بابەتی لەگەڵ ئەحزابی ئێرانی هاوکاری و هاودەنگی بکەن. هەوەها ئەگەر بچنه ناو ئێئتلاف و هاوپەیمانیگەلێکی به نیسبەت درێژخایەن، ئەبێ سەربەخۆیی خۆیان پارێزراو بێ.
4 - چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەحزاب و جەرەیاناتی کوردستانی و ئێرانی و دیپلوماسی نێونەتەوەیی. (بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان تا هەڵوێستی روون و راشکاوانەی لەسەر مافی نەتەوەیی نەبێ و دەست له "سووسیالیزم هەر ئێستا" هەڵ نەگرێ، ناتوانێ سیاسەتی دورست هەڵبژێرێ و تەنانەت قەت ناتوانێ سیاسەت بکا)
ئەلف ـ به هەر ئەندازه حێزبەکانی کوردستان دژ به رژیمی فاشیستی ـ ئیسلامی ئێران و بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی دێمۆکراتیک و دابین کردنی مافی نەتەوەیی کورد خەبات بکەن، چەپیش دەبێ ئامادەی هاوکاری و هاودەنگی و هاوپەیمانی بێ لەگەڵیان.
هەر ئەندازه هێزه سیاسیە ئێرانیەکانیش دژ به رژیمی ئیسلامی و بۆ دابین کردنی دێمۆکراسی له ئێران تێبکۆشن و مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بە فەرمی بناسن، ئێمەش ئامادەی هاوکاری و هاودەنگین لەگەڵیان.
ب ـ وەکوو هەر وڵاتێکی دێمۆکراتیک، دەبێ فرەحێزبی و رەخنەگرتنی سیاسی ئازاد بێ. هیچ هێزێک بۆی نیه به زەبری چەک سیاسەت و خواستەکانی خۆی بەسەر ئەوانیتردا داسەپێنێ. دەبێ هەموان پێکەوە رێگایەک بگرینه بەر و کۆمەڵگایەک پێک بێنین که بۆ هەمیشه سیاسەت بەسەر چەکدا زاڵ بێ نەک به پێچەوانه. ئەرکی هەموومانه که داب و نەریتی "بکوژه و حکوومەت بکه" بۆ هەمیشه کۆتایی پێ بێنین.
ج ـ لە سیاسەت و دیپلۆماسی نێونەتەوەییدا، ئەگەر گەیشتینه حکوومەت چۆن رەفتار دەکەین دەبێ هەر له ئێستاوە وا بکەین؛ واته بە رەسمی ناسینی گشت وڵاتەکان و پەیوەندی ئاشتیانه و بێ دەستێوەردانی ئوموراتی ناوخۆیی یەکتر و...
شوعەیب زەکەریایی
17ی 3ی 2026

|
کورد چۆن مامڵە لەگەڵ ئەمریکادا بکات لە بەرانبەر ئێراندا؟ |
|
بەرەو گوتارێکی هاوبەش: ڕێنماییەک بۆ چەپی کوردستان |