
چی وا دەکات بەشێک لە ڕۆشنبیران سەرسام بن بە ئێرانییەکان؟
پێشڕەو محەممەد
ئەم چەند ڕۆژە لێرە و لەوێ دەمخوێندەوە کە لاریجانی ئەمانوێل کانتی سەردەم و ئێرانە. لە ساڵانی ڕابردوودا کتێبخانە و نووسینی کوردیی پڕ ببوو لە پیاهەڵدان بە ئێرانییەکان، یەکێک دەینووسی موراد فەرهادپوور گەشتیاری نێو چەمکەکانە و مێژوو شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە (جا فەرهادپوور تەنها پەراوێزنووس بووە و هیچیتر)، یەکێک پێیوابوو داریوش شایگان نیچەی ڕۆژگارە، یەکێکی دیکە دەهات دەیگوت سەید جەواد تەباتەبایی هێگلی ئێرانییە.
هەر بەڕاستیی ئەمە جگە لە کاریگەرییە کولتوورییەکەی ئێران لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە، ئاستی دەستکورتیی خوێندەواریی ئەو ڕۆشنبیرانەش دەردەخات. سەردەمێک چی فیستیڤاڵ بوو تەرخانکرابوو بۆ شاعیرانی لاکۆڵانەکانی تاران و کتێبەکانیان بۆ کوردیی وەردەگێڕدران و بە فۆرماتی جوان چاپ دەکران. هەندێک ڕۆژنامەنووسانی ئێرانیان لێ دەبوو بە فەیلەسوف و بیرمەند و فەیلەسوفانی خۆرئاواییان بەراورد بە ئەوان، بە چایچیش ڕانەدەگرتن.
وردە وردە دەردەکەوێت هەموو ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرانە پێیانوابوو عەقڵی قووڵە، لە بۆشاییەکی بێ بناغە و بنەما زیاتر نەبوو. تەنها شتێک بوو دەوڵەتی قووڵی ئێران فووی تێدەکرد و لای خۆشمان وەک تۆپی ڕاستەقینە سەیردەکران. مێژووی ئێران، مێژووی فیکر و فەلسەفە نییە، مێژووی بەشیعەییکردن و بەعیرفانییکردنی فیکرە. هایدیگەر لە خومەینی نزیک دەکرێتەوە، عەلی شەریعەتیی دەبێتە سارتەری ئێران، نیچە دەبێتە ئەحمەدی نەژاد و کانت دەبێتە لاریجانی، مارکس دەبێتە ئیمامی مەهدی و فوکۆ دەبێتە ئەندامی سوپای پاسداران. لە کوردستان نیچەی ئێرانیی، یاخود نیچەی شیعیی زۆر ناسراوترە لە نیچەی ئەڵمانیی. مارکس دەبێتە خوای چەپی کورد لەڕێگەی مەنسوور حیکمەتەوە.
کەوتنی کۆماری ئیسلامیی، دەبێتە هەتیوکەوتنی نیچەییزم، هایدیگەریزم، مارکسیزمی ئێرانیی لە کوردستان.
تێبینی: ئەم بابەتە کاک پێشڕەو لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردبووەوە، ئێمەش لەوێ وەرمانگرتووە

|
چی وا دەکات بەشێک لە ڕۆشنبیران سەرسام بن بە ئێرانییەکان؟ |
|
کورد چۆن مامڵە لەگەڵ ئەمریکادا بکات لە بەرانبەر ئێراندا؟ |
|
بەرەو گوتارێکی هاوبەش: ڕێنماییەک بۆ چەپی کوردستان |