گرنگ

ئەوروپا و یاریی شەترەنجی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران؛ لە پاریسەو تا بروکسل

2026-04-07

 

ڕاپۆرت - کوردستان ئۆنلاین

ئەوروپا و یاریی شەترەنجی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران؛ لە پاریسەو تا بروکسل

 

گۆڤارێکی فەرەنسی پەردە لەسەر مانۆڕە دیپلۆماسییە نهێنییەکان لادەدات کە بۆ داڕشتنی نەخشەی "ڕۆژی دوای جەنگ" لە ئێران کار دەکەن.

 

گۆڤاری لێکۆڵینەوەیی و شیکاریی فەرەنسی "لالێترە" (La Lettre) لە ڕاپۆرتێکدا کە لە 20ی 3ی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر جموجۆڵە بەرفراوانەکان لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا و دەزگا دیپلۆماسییەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی. ئامانجی ئەم هەوڵانە ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ئامادەکارییە بۆ "ڕۆژی دوای شەڕ". لەم ڕاپۆرتەدا کە وردەکاری لەم شێوەیە دەربارەی پشت پەردەی پڕۆسەکە بڵاو دەکاتەوە، وێنەیەکی ئاڵۆز لە بەرژەوەندییە یەکبڕەکان، ململانێ ناوخۆییەکان و دەستە نهێنییەکان نیشان دەدات.

 

ئەوروپا دێتە ناو یارییەکە

 

بەپێی زانیارییەکانی لا لێترە، دەزگا دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا، هۆڵەندا و ئیسپانیا لەگەڵ یەکتر هەماهەنگن بۆ ئەوەی ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و "ڕژێمێکی چاکسازیبۆکراوی ئێرانی" بگێڕن. ئەم جووڵەیە لە چوارچێوەی سیناریۆی گواستنەوە (Transition) دوای کۆتایی هاتنی ململانێ سەربازییەکانی ئێستا پێناسە کراوە؛ سیناریۆیەک کە تێیدا ئەوروپا ڕۆڵی ناوبژیوان و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو ڕۆڵی پشتیوان دەگێڕن.

ئیسرائیل، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە بە گەشبینییەوە چاودێری هەر دەسپێشخەرییەک دەکات بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ڕژیمی ئێران، ئەم هەوڵانەی ئەوروپای بە ئەرێنی هەڵسەنگاندووە. تورکیاش ئەکتەرێکی دیکەیە کە دیپلۆماسییەکی هاوشێوەی هەیە و وەک ڕکابەرێکی نهێنی ئەوروپا لەم بوارەدا ئەژمار دەکرێت.

 

نەخشەی بروکسل: حەوت لایەن، یەک مێز

 

گرنگترین هەواڵی ئەم ڕاپۆرتە، دەسپێشخەریی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپایە: بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حەوت لایەنی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، کە ئەگەر هەیە لە نێوان 14 تا 16ی 4ی 2026 بە شێوەیەکی داخراو لە بروکسل بەڕێوە بچێت. تەلارسازانی ئەم پلانە، بریتین لە نوێنەری ئەڵمانی هانا نۆیمان و نوێنەری قوبرسی لوکاس فۆرلاس.

 

بانگهێشتنامە بۆ ئەم کەسایەتییانە نێردراوە:

مستەفا هیجری — سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)

عەبدوڵڵا موهتەدی — سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سەعید بەشیرتاش — دامەزرێنەری بەرەی "حەوتی ئابان" (بەلجیکا)

نەوید شومالی — نوێنەری حیزبی تودە

ڕەزا پەهلەوی — کوڕی شای پێشووی ئێران

شیرین عەبادی — براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2003

نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی کراوە — سەر بە پەیمانگای نێودەوڵەتی کۆماریی ئەمریکا

 

مەتەڵی ڕەزا پەهلەوی

 

گەورەترین تەحەدای ئەم کۆبوونەوەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕەزا پەهلەوییە. ئەو کە خاوەنی تۆڕێکی پشتیوانی بەهێزە لە گرووپی پەرلەمانی PPE [پارتی گەلی ئەوروپا] لە بروکسل، تا ئێستا وەڵامی ئەرێنی بۆ بانگهێشتەکە نەداوەتەوە و پێی باشە وەک "سەرکردەی دەسەڵاتی ڕاگواستن" ئامادە بێت، نەک وەک ئەندامێکی یەکسان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن.

گۆڤارەکە ئاماژە بە پەیمانگای ڕاپرسی گەمان دەکات کە پەهلەوی وەک هەڵبژێردراوی ڕای گشتی ئێران دەناسێنێت، بەڵام ئەم پەیمانگایە بە "ژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی ئەو" ناودەبات. هەروەها باس لە پشتیوانی "وتەبێژە دیجیتاڵییەکانی حکومەتی ئیسرائیل" لە پەهلەوی دەکات.

داڕێژەرانی کۆبوونەوەکەی بروکسل گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە ئامادەبوونی شەبەنگێکی بەرفراوان لە ئۆپۆزیسیۆن، پەهلەوی ناچار بە ڕووبەڕووبوونەوە دەکات.

 

ژنەکەی پشت پەردە: مانێلی میرخان

 

لالێترە لە بەشە هەرە گرنگەکەیدا، باس لە مانێلی میرخان، چالاکوانی فەرەنسی-ئێرانی دەکات، وەک تەلارسازی سەرەکیی چوارچێوەی "حەوت لایەنەکەی" ئۆپۆزیسیۆن.

گۆڤارەکە پەردە لەسەر ڕابردووی ئەو لەگەڵ گرووپی ئۆنلاینی "ژن، ئازادی" و پەیوەندییەکانی بە لۆبی دژە ئەتۆمی UANI لادەدات — کە ئەندامانی پێشووی CIA و مۆساد تێیدا ئامادەن و لەلایەن ملیاردێری ئەمریکی تۆماس کاپلانـەوە پشتیوانی دارایی دەکرێت. ئەو ئێستا ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆی بە ناوی "دۆڕنا" (Dorna) بەڕێوە دەبات کە وەک "نووسینگەی ستراتیژی بۆ ئازادیی ئێران" وەسفی دەکات.

 

خاڵی گرنگ: بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وردەکارییە داراییەکانی چالاکییەکانی میرخان بە شێوەیەکی نهێنی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "ژان-نوێل بارۆ" نێردراوە، کە ئەمەش نیشانەی هەماهەنگییەتی لەگەڵ دەزگای دیپلۆماسی فەرەنسا.

 

هەوڵە هاوتەریبەکان لە پاریس

 

هاوکات لەگەڵ بروکسل، نوێنەری سۆسیالیستی فەرەنسا ئایدا هادیزادە — کە ڕەچەڵەکی ئێرانییە — لە ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا پڕۆژەیەکی هاوشێوە دەباتە پێشەوە. ئەو کە باوکی ئەندامی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بووە و دواتر حاشای لە کچەکەی کردووە، خۆی لەژێر هێرشی ئۆنلاینی ئەم ڕێکخراوەدایە. ئەویش ڕووبەڕووی هەمان کێشەی سەرەکی بووەتەوە: چۆن ڕەزا پەهلەوی بهێنێتە سەر مێزێکی یەکسان؟

ئەگەر دەسپێشخەرییەکەی پەرلەمانی ئەوروپا شکستی هێنا، هادیزادە پشتیوانی یائێل برۆن-پیڤێ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسای هەیە بۆ ئەوەی هەمان کۆبوونەوە لە کۆشکی بۆربۆن ئەنجام بدات.

 

موجاهیدینی خەلق؛ دۆڕاوە گەورەکە

 

یەکێک لە دیارترین دۆزینەوەکانی ئەم ڕاپۆرتە، پەراوێزخستنی وردەوردەی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقە لە پڕۆسەی ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆن. بەپێی لا لێترە، ئەم ڕێکخراوە کە ساڵانێکی زۆر لە بروکسل و پاریس کاریگەری هەبوو، ئێستا هەم لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ئەوروپی و هەم لە ئەنجومەنی نیشتمانی وەلا دەنرێت.

گۆڤارەکە ڕاپۆرت دەدات کە نوێنەرێکی موجاهیدین کە بانگهێشتی بەرنامەیەکی ڕادیۆیی ڕاستەوخۆ لە France Inter کرابوو، لە کۆتا ساتدا لابراوە.

 

 

ڕاپۆرتەکەی لالێترە وێنەیەک نیشان دەدات کە تێیدا ئەوروپا چیتر تەنها تەماشاکەر نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە ئێران پێشوەختە دابڕێژێت. بەڵام ئەم پڕۆسەیە ڕووبەڕووی چەند گرێکوێرەیەک بووەتەوە:

 

یەکەم: ڕەزا پەهلەوی ئامادە نییە ڕۆڵی یەکسان لەگەڵ ڕەوتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن قبوڵ بکات.

 

دووەم: بەرژەوەندییە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی تۆڕەکانی لۆبی و ڕاوێژکارانەوە، بە قووڵی دزەیان کردووەتە ناو ئەم پڕۆسەیەوە کە ئیسپانیا تێدایەو ئیسپانیاش دژی پرۆژەی ئەمریکی-ئیسرائیلییە.

 

سێیەم: ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەوەندە پەرتەوازە و فرەڕەنگە کە گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش زۆر سەختە.

 

چوارەم: حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، لە دەرەوەی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ئامرازی دیموکراتیزە کردنی ئێران، نەک لەپێناو چارەسەری پرسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت کراون.

 

سەرچاوە: La Lettre، پاریس، 20ی 3ی 2026

ئەم ڕاپۆرتە ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی گۆڤاری ناوبراوە و گوزارشت لە دیدگای نووسەرانی ئەو دەکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color