کوردستان ئۆنلاین | بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو شاندی ئیمرالی دەم پارتی بێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و تاوتوێ پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی چارەسەری پرسی کورد بکەن.
دەم پارتی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمرالی دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، شاندەکە رۆژی یەکشەممە 16-2-2025، دێتە هەولێر.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی، لە سەردانەکەیاندا، شاندەکە رۆژی 16ی 2ی 2025 هەریەک لە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینن.
رۆژی دواتر و لە 17ی 2ی 2025، شاندەکە دەچێتە سلێمانی و هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن.
دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کاسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) لە تورکیا.