
ڕاپۆرتی شیکاری - کوردستان ئۆنلاین
ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بەبەشداریی سکرتێرانی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە "بەرەی جیهانیی پێشکەوتنخواز" لە بارسێلۆنە
ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی ٤ی ٢٠٢٦، عبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە و مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حدکا لە کۆبوونەوەی "بەرەی جیهانیی پێشکەوتنخواز" (Global Progressive Mobilisation) لە بارسێلۆنای ئیسپانیا بەشدار دەبن. ئەم کۆبوونەوەیە کۆکەرەوەی پارتە چەپ، سۆسیال دیموکرات و لیبڕاڵە پێشکەوتنخوازەکانی جیهانە.
دەستپێشخەری کۆبوونەوەکە پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیایە، کە هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵیشە. ئامانجی ئاشکرای کۆبوونەوەکە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی پۆپۆلیزم، ترامپیزم و زایۆنیزم، بەناوی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی.
میوانە سەرەکییەکان کێن؟
پێدرۆ سانچێز (ئیسپانیا) میوانداری کۆبوونەوەکە. لەم هەفتانەی دواییدا چەندین جار بە ئاشکرا هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوی خۆی بەرامبەربە جەنگی ئێران پێشان داوە.
لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا (٤ی مارچی ٢٠٢٦) هەڵوێستی حکومەتی ئیسپانیا لە سێ وشەدا کورت کردەوە:" نا بۆ جەنگ". لە پارلمانی ئیسپانیاش بە ڕاشکاوی جەنگی ئێرانی بە جەنگێکی خراپتر لە جەنگی عیراق ناودێر کرد و پێی وابوو کە جەنگی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەنگێکی و جەنگی دژی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا بە "جەنگێکی نایاسایی، پووچ و دڕندانە"ناو برد.
هەروەها لە کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ لە ١٢ی مارچی ٢٠٢٦ دا بڕیاری دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکای بە دژی ئێران بە بڕیارێکی تاکلایەنە و بە سووکایەتی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
لولا دا سیلوا ( سەرۆک کۆماری بڕازیل) یەکێکە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە. لولا دا سیلوا لە ٢١ی مارچی ٢٠٢٦ لە لووتکەی سێلاک لە کۆڵۆمبیا هەڵوێستی ڕوونی خۆی بۆ دژایەتیکردن جەنگ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و چەند ڕۆژ دواتر لە ٢٧ی مارچ دا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە مادام وڵاتەکەی ١٥ هەزار کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، هیچ پێویست ناکات تێچووی وەها جەنگێک لە ئەستۆ بگرن. سیلوا، بیانووی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ هێرش بۆسەر ئێران بە ناڕاستەقینە لەقەڵەم داوە و تەنانەت گومانی خستۆتە سەر ئەوەیکە دەوڵەتی عیراقی سەدام حسەینیش کە بە هێرشی کیمیایی تەنیا لە چجەند خولەکدا ٥٠٠٠ کەسی لە هەڵەبجەی کوردستان شەهید کردبوو، خاوەنی چەکی کیمیایی بووبێت، هەر بەو هۆیە دژایەتیی پرۆسەی ڕزگاریی عیراقیشی لە ساڵی ٢٠٠٣ کرد کە بەهۆیەوە نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان و خەڵکی عیراقیش ڕزگار بوون. نوێنەری لۆلا یەکێکە لە بەشدارە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە.
هومبێرتۆ کۆستا (بەڕازیل) ئەم سیناتۆرە نوێنەرایەتی "لولا دا سیلوا" دەکات لەم کۆبوونەوەیەدا. حکومەتی بەڕازیل لە ئێستادا لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە لەگەڵ ئیسرائیل. لولا نەتەنیاهوو بە "هیتلەر" ناودەبات، و هومبێرتۆ کۆستا وەک یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی پارتی کرێکاران، پشتگیری تەواوی ئەم هەڵوێستە دەکات. ئەوان نەتەنیاهوو بە ئەنجامدانی "جینۆساید" تۆمەتبار دەکەن.
ماگدالینا ئەندەرسۆن (سوید)، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید و سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکان، گوشاری سەربازی و سیاسی و ستراتیژی بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان" دەزانێت و پێیی وایە ئەمریکا بەجێگای هێرشی سەربازی و گوشاری سیاسی کێسەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی داب ە دیالۆگ چارەسەر بکات. ئەمە لەحاڵکدایە کە بە درێژایی دەیان ساڵ کۆمەڵە و دیموکرات خوازیاریی گۆڕینی ئەو ڕژێمە بوون.
ڕاهول گاندی (هیندستان)، ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی موودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان-هاوپەیمانی ستراتیژیکی دۆناڵد ترامپ و بێنیامین نێتانیاهۆ-یە، کە بزووتنەوەکەی مێژوویەکی درێژی هەیە لە پشتیوانیکردنی کۆماری ئیسلامی بەناوی دژایەتیکردنی ئیمپێریالیزم و زۆر بە ڕاشکاوانە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە "دەستوەردانی نایاسایی" ناو دەبات.
هاوپانێلەکانی هیجری و موهتەدی کێن؟
سێ کەسایەتییی دیکە کە لە پانێلەکەدا لەگەڵ سکرتێرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەردەکەون، نوێنەرایەتی ئۆکرانیا، ڤەنزوێلا و لوبنان دەکەن.
بۆدان فێرێنس (ئۆکرانیا) دامەزرێنەری پلاتفۆرمی سۆسیال دیموکراتی ئۆکرانیا، بەناوی پشتیوانی لە پابەندی بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دژایەتیی خۆی بۆ هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و پشتیوانیی خۆی بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران فۆرمۆلە دەکات. ئەو جەنگی ئێران بە "ِپێشلکاریی یاسا" دەزانێت، نەک دەرفەتێک بۆ ئازادیی خەڵک و نەتەوەکان لە ئێران.
داریانا پۆلۆ ئیگلێسیاس (ڤەنزوێلا) نوێنەری بزووتنەوەی هاووڵاتیان. ئەم بزووتنەوەیە وەک بزوورنەوەیەکی "دژ بە ئیمپێریالیزمی ئەمریکا"، مێژوویەکی درێژی هەیە لە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر ئەمە هاندەر بووە بۆ ئەوەی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران بە "دەستوەردانی ناڕەوا" بزانێت.
مەنال سەعید (لوبنان) ئەندامی سەرکردایەتی پارتی سۆسیالیستی پێشکەوتنخواز لە لوبنان کە پارتەکەی بەهۆی پشتیوانیکردنی ئێران لە حیزبوڵاوە، مێژوویەکی درێژی لە ناکۆکی و دژایەتی لەگەڵ ئێراندا هەبووە، تەنانەت ئەویش دژی رێوشوێنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە بەرانبەر ئێراندا.
سروشتی پێکهاتەیی ئەم بەرەیە کە ئەو دوو حیزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی ئێستادا لە وەها کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیاندا بەشدارن، دەتوانێێت بە ئاسانی ڕێ لە دروشمی "گرنگ نییە کوێیە، گرنگ ئەوەیە ئێمە قسەی خۆمان دەکەین" بگرێت، لەبەر ئەوەی هەڵکەوتن لەو بەرەیەدا ڕاستەوخۆ بەمانای هەڵکەوتن لە دژی بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکایە، بەتایبەتی لە پرسی جەنگی ئێران، کۆماری ئیسلامی و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
ئەم بەرەیە، گوشاری ستراتیژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" دەزانێت.
ئەم بەرەیە، بە ڕاشکاوی دژی "گۆڕینی ڕژێم لە ئێران" هەڵوێستی گرتووە، ئامانجێک کە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەیان ساڵە خەباتی بۆ کردووە.
ئەم بەرەیە، بەلایەوە مانەوەی پێکهاتەیی ڕژێمی تاران باشترە لە گۆڕینی.
ئەم بەرەیە، هەر جۆرە لاوازکردنێکی سەربازی یان ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات.
هەندێک کەس لەوانەیە پێیان وابێت ئامادەبوون لەم کۆبوونەوەیەدا دەرفەتێکە بۆ "خستنەڕووی هەڵوێستی کوردی لە ئاستی جیهانیدا". بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئەم پاساوە مەسەلەکە سادە دەکاتەوە.
کاتێک حیزبێک لە چوارچێوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا ئامادە دەبێت، خودی ئەم ئامادەبوونە پەیامێکی پێکهاتەیییە، بێ گوێدانە ئەوەی نوێنەرەکە چی دەڵێت. سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای وابەستەیی ڕێکخراوەیی و ڕیزبەندییەکان کار دەکات، نەک لەسەر بنەمای وتارە تاکەکەسییەکان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا.
لۆژیکی سیاسیی حدکا و کۆمەڵە بۆ دەیان ساڵ ئەوە بووە کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی بوونایەتییە بۆ سەر مافە نەتەوەییەکانی کورد و مانەوەی ئەم ڕژێمە لەگەڵ مافە نەتەوەییەکانی کورددا ناتەبایە. ئەم هەڵوێستە، بنەمای شەرعییەتی ئەم حیزبانەیە لای نەتەوەکەی خۆیان.
بەڵام ئەو تۆڕەی کە لە بارسێلۆنا میواندارییان دەکات، ڕێک هەڵوێستی پێچەوانەی لە ئاستی پێکهاتەییدا هەڵگرتووە. ئەمە جیاوازییەکی تاکتیکی نییە کە جێگەی گفتوگۆ بێت، بەڵکوو پارادۆکسێکی ستراتیژیی بنەڕەتییە.
لە بارودۆخێکی وەهادا، ئامادەبوون لەم بەرەیەدا دوو پەیامی ناڕاستەوخۆ بە جیهان دەگەیەنێت: ١. کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیەکی شیاوی چارەسەرکردنە لە چوارچێوەی بەردەوامیی کۆماری ئیسلامیدا. ٢. حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆیان بە بەشێک لەو بەرەیە دەزانن کە مانەوەی پێکهاتەیی کۆماری ئیسلامی بەلاوە پەسندترە. هەردوو پەیامەکە، بە پێچەوانەی لۆژیکی مێژوویی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
نەخشەی ڕاستەقینەی هێزی جیهانی لەم ساتەدا
ئێرانی ئەمڕۆ لە یەکێک لە قووڵترین قەیرانە پێکهاتەییەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە. بەڵام بڕیارە یەکلاکەرەوەکان سەبارەت بە داهاتووی ئەم قەیرانە، لە تۆڕی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵدا نادرێن. ئەو ئەکتەرە سەرەکییانەی کە ئەمڕۆ لە داڕشتنەوەی داهاتووی ئێراندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لەسەر تەوەرە ئەمنی، ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکییەکاندا هەیە لە بەرەیەکی تەواو جیاوازدان. هەمان ئەو بەرەیەی کە سانچێز و لولا بە ڕاشکاوی بە "پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی دەبەن.
پرسیارە بنەڕەتییەکان
نەتەوەی کورد دەبێت بە ڕاشکاوی بپرسێت:
١. بۆچی حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەرەیەکەوە کە خودی ئەو بەرەیە دژی گۆڕینی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە؟
٢. ئایا چوارچێوەی سۆسیال دیموکراتیی ئەوروپیی دەیەی ١٩٩٠، کە لە کاتێکی تەواو جیاوازدا دامەزرا، هێشتا چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ دیپلۆماسیی نەتەوەیی کورد لە ٢٠٢٦دا؟
٣. بۆچی دیپلۆماسیی ئەم حیزبانە بەو ئەندازەیەی لە تۆڕە نەریتییەکانی سۆسیال دیموکراتدا چالاکە، لەو بەرەیەدا کە بەڕاستی داهاتووی ئێران دادەڕێژن، چالاک نییە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی دیپلۆماسیی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەم ساتەوەختە مێژووییەدا. ساتەوەختێک کە، بە پێچەوانەی کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان، ڕەنگە بۆ دەیان ساڵ دووبارە نەبێتەوە.
